ڕووبارێ سيروان
- جۆری شوێن
- دەریاچە
- باشترین وەرز
- بەهار – هاوین
- ئاستی سەلامەتی
- مەترسیی کەم — بە گشتی سەلامەتە
- میوان
- هەموو میوانان
- ڕێگا
- ڕێگای خۆڵ و قیرتاو کراو
- ئۆتۆمبێل
- ئۆتۆمبێلی ئاسایی
دەربارە
ڕووباری سیروان یەکێکە لە گرنگترین ڕووبارەکانی کوردستان، کە بە ناوچەکانی هەورامان و بەشێک لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانیدا تێدەپەڕێت. ڕووبارەکە لە زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت و بە ناو دۆڵ و ناوچە شاخاوییەکانی هەوراماندا دەڕوات، پاشان دەگاتە دەریاچەی دەربەندیخان. لەوێدا بە ڕووباری تانجەرۆ یەکدەگرێتەوە و لە خوارەوە بە ناوی ڕووباری دیالە بەردەوام دەبێت. سیروان سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەر و ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاودێری، کشتوکاڵ و ژیانی دانیشتوواندا هەیە. ڕێڕەوی پێچاوپێچی ڕووبارەکە لە نێوان چیا و دۆڵە سەوزەکان، دیمەنێکی سروشتیی سەرنجڕاکێش دروست کردووە و شوێنەکانی کەناری ڕووبارەکە گونجاون بۆ سەیرانی خێزانی، پشوودان و وێنەگرتن. نەورۆڵی یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە ناسراوەکانی کەناری سیروان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە. لەم ناوچەیەدا قایقێکی گەڕۆک هەیە کە لە هەمان کاتدا وەک کافێیەکی سەر ئاو خزمەت دەکات. قایقەکە بە هێواشی بەسەر ڕووباردا دەڕوات و دەرفەت بە سەردانکەران دەدات لەگەڵ خواردنەوە، چێژ لە دیمەنە شاخاویی و ئاوییەکان وەربگرن و وێنە بگرن.
باشە بیزانیت
پێش سەردان، دۆخی کەشوهەوا و ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بپشکنن، چونکە دوای بارانبارین و لە وەرزی تووانەوەی بەفر، ئاست و خێرایی ئاو زیاد دەکات. لە کەنارە هەڵدێر، تەڕ و خلیسکەکان دوور بکەونەوە و بەبێ چاودێری ناچنە ناو ئاو؛ بە تایبەتی منداڵان بە تەنیا لە نزیک ڕووبار بەجێ مەهێڵن. لە کاتی سواری قایق یان کافێ گەڕۆکەکەی نەورۆڵی، جلی ڕزگاربوون لە ئاو بپۆشن و پابەندی ڕێنمایی کارمەندان بن. پێڵاوی گونجاو و نەخلیسک بپۆشن و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییە سەرەکییەکان لەگەڵ خۆتان ببەن. پاشماوە بەجێ مەهێڵن و یارمەتی پاراستنی پاکیی ڕووبار و جوانیی سروشتی ناوچەکە بدەن.





