گوندی زەڵم
- جۆری شوێن
- گوند
- باشترین وەرز
- بەهار – هاوین
- ئاستی سەلامەتی
- مەترسیی کەم — بە گشتی سەلامەتە
- میوان
- هەموو میوانان
- ڕێگا
- ڕێگای خۆڵ و قیرتاو کراو
- ئۆتۆمبێل
- ئۆتۆمبێلی ئاسایی
دەربارە
زەڵم گوندێکی کۆن و سەیرانگایەکی سروشتییە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان، لە قەزای خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە. گوندەکە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە خورماڵ و ١٥ کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجە دوورە و لە بەشی سەرەوەی دۆڵی زەڵم، نزیک سەرچاوەی ڕووبارەکە هەڵکەوتووە. سەرچاوە و تاڤگەی زەڵم، دارە گوێزە بەرز و کۆنەکان و خانووە دروستکراوەکان بە بەردی چیا، دیمەنێکی جوان و تایبەتیان بە گوندەکە بەخشیوە. زەڵم هەروەها بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی، بە تایبەتی هەنار، هەنجیر، گوێز و ڕوبی هەنار ناسراوە. لە ساڵی ١٩٩٩دا، سوود لە هێزی ئاوی سەرچاوەکە وەرگیراوە و بە سیستەمی توربین کارەبا بۆ سێ گوند دابین کراوە. سروشتی سەوز، ئاوی سارد و هەوای فێنکی ناوچەکە، زەڵمیان کردووە بە یەکێک لە سەیرانگا گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
باشە بیزانیت
بەهار و هاوین کاتی گونجاون بۆ سەردانی زەڵم، بەڵام لە پشووی هەفتە و جەژندا سەیرانگاکە قەرەباڵغ دەبێت؛ بۆیە باشترە بەیانیی زوو بەڕێ بکەون. بەهۆی تەڕبوون و خلیسکیی ڕێڕەو و بەردەکانی نزیک تاڤگەکە، پێڵاوی گونجاو لەبەر بکەن. ئاوی زەڵم لە هەندێک شوێندا خێرا و قووڵە، بۆیە مەلە مەکەن، لە شوێنە مەترسیدارەکان مەچنە ناو ئاو و منداڵان لە نزیک ڕووبار و تاڤگەکە بە تەنیا جێ مەهێڵن. لە کاتی گەڕان بەناو گونددا ڕێز لە تایبەتمەندیی دانیشتووان، باخ و موڵکە تایبەتییەکان بگرن. پاشماوە بەجێ مەهێڵن و پارێزگاری لە پاکیی سەرچاوە و سروشتی ناوچەکە بکەن.





